بۆچی هەندێکمان زووتر پیر دەبین؟
زۆربەمان کۆمەڵێک هاوڕێمان هەیە کە ساڵی لەدایکبونیان لەگەڵ ئێمەدا هەمان ساڵە، بەڵام لە ڕووخسار و دەرکەوتندا شێوەیان لە ئێمە گەورەتر یان بچووکتر دیارە.
پسپۆڕان لەم بارەیەوە دەڵێن هۆکاری ئەوە زیاتر ناوەکییە تا دەرەکی واتە پەیوەندی بە تەندروستیمانەوە هەیە.
لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیدا کە لەئەکادیمیای زانستی ئەمریکا ئەنجام دراوە، گروپێکی پزیشکیی پسپۆڕ بە سەرۆکایەتی پڕۆفیسۆر دانێل بلسکی مامۆستای کۆلێژی پزیشکی دوک گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە بوونی نەخۆشییەکان و کارکردنی شێواوی ئەندامەکانی لەش لە نێوان تەمەنی ٢٠ تا ٣٠ ساڵیدا دەبێتە هۆی زوو پیر بوون، ئەم نەخۆشییانە لەهەمانکاتدا دەتوانن هۆکاری جەستەیی و دەروونی بن.
زوو پیربوون بە خێرایی ڕوو نادات، بەڵکو بە تێپەڕینی ساڵەکان و بەبێ ئەوەی ئێمە هەستی پێ بکەین ڕوو دەدات و کاریگەری خۆی لەسەر جەستە دادەنێت.
لەم لێکۆڵینەوەیەدا ٩٥٤ کەس کە لەساڵەکانی ١٩٧٢ یان ١٩٧٣ لەنیوزلەند لەدایکبوون هەڵبژێرران، لە نێوان تەمەنی ٢٦ ساڵی تا ٣٨ ساڵی توێژینەوە و پشکنینی پیرییان لەسەر ئەنجامدرا، پشکنینی وەک پەستانی خوێن، تەندروستی سییەکان، کۆلسترۆڵ، ڕێژەی ماسولکەکان، بوونی هەوکردن لە شوێنە جیاوازەکانی لەشدا، تەندروستی دڵ، شەکری خوێن.
ئەنجامی ئەم پشکنینانە دەریخست تەمەنی ڕاستەقینەی ئەوان لەسەر بنەمای تەندروستی دەردەکەوێت نەک ساڵی لەدایکبوونیان، ئەمەش نیشانی دا هەندێک کەسیان بەتەمەنتر لەوانی تر دەردەکەون و هەندێکیان گەنجتر.
دوای ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە پڕۆفیسۆر دانێل لەوە تێگەیشت کە جینەکان تەنها لەسەدا ٢٠ کاریگەرییان لەسەر زوو پیربوون هەیە، لەسەدا ٨٠ کەی بەستراوە بە شێوەی ژیان و خواردن و چۆنیەتی چاودێری کردنی تەندروستی ئەو کەسەوە.
ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە دڵخۆشکەرە بۆ ئەوانەی کە دەیانەوێت دەرنگتر پیر ببن، ئەویش بە گۆڕینی شێوەی خواردن و کەمکردنەوەی ڕێژەی چەوریی و خوێ و شەکر، کەمکردنەوەی دڵەڕاوکێ و نەکێشانی جگەرە و وەرزش کردن.
پڕۆفیسۆر بلسکی بە لەبەرچاوگرتنی ئەم لێکۆڵینەوەیە گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ژەمەکانی خۆراک، وەرزش و شێوەی ڕەفتارەکانی ئێمە لەژیاندا هۆکاری زوو پیربوون یان بەگەنجی مانەوەن، ئەو کەسانەی کە چالاکن و بەشێوەیەکی ڕێک وپێک وەرزش دەکەن و کەسایەتییەکی ئارام و لەسەرخۆیان هەیە و بە باشی بیر لەخۆیان دەکەنەوە تەمەنیان درێژترە و گەنجتر دەردەکەون، ئەم پسپۆڕانە باوەڕیان وایە کە تەمەنی ڕاستەقینەی ئێمە دۆخی فیزیکییمان نیشانی دەدات نەک ساڵی لەدایکبوونمان.
0 comments :
إرسال تعليق