ڕۆژنامەی گاردیانى بەریتانیا بڵاویکردەوە، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٤، لە ساڵی ٢٠١٥ دا ژمارەی ئەو پەناخوانەی ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە بۆ دوو هێندە زیادی کردووە.
بەپێی ئاژانسی ئاماری یەکێتی ئەوروپا لە ساڵی ٢٠١٥ دا زیاتر لە ملیۆنێک و ٢٦٠ هەزار پەناخواز ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، هاووڵاتییانی سوری بە نزیکەیی سێ یەکی ئەو ژمارە پەنابەرەیان پێکهێناوە کە ٣٦٢ هەزار و ٧٧٥ هاووڵاتییە.
بەپێی ئاژانسی ئاماری یەکێتی ئەوروپا لەدوای سوریاوە، ئەفغانستان لە پلەی دووهەمدا دێت و عێراقیش بە پلەی سێهەم دێت.
دیمیتریس ئەڤرامۆپۆلۆس، کۆمسیاری پەنابەران لە یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاندووە ''سەرجەم ئەو دەستکەوتانەی کە لەماوەی ٦٠ ساڵی ڕابردوودا بەدەستمان هێناوە لە مەترسیدان و دەبێت هەرچییەکمان لەدەست دێت ئەنجامی بدەین بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانە''.
ڕۆژنامەی گاردیان ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دا نزیکەی ٦٠٠ هەزار پەناخواز ڕوویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە، کە زۆرینەی هاووڵاتییەکان سوری بوون و عێراقیش لە پلەی سێهەمدا هاتووە لەو ڕووەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە بڕیارە ڕۆژی دوو شەممە ٧ی ئازاری ٢٠١٦ ئەحمەد داودئۆغلۆ و سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل کۆببنەوە سەبارەت بە دۆخی پەناخوازان و کێشەی کۆچ.
0 comments :
إرسال تعليق